Sunday, 14 February 2016

دەسەڵاتداران گیرفانیان پڕە،ئێمە دڵمان

"ئەترسم نەگەی بەو دەوڵەتەی کە هەموو کات پێویستی بە هۆشیاریە، کە تۆ خەتووی لەباوەشی چارەنووسێکی خەوتوودا".

ئێمە تەنها نەوت و غازەکەمان هەرزان فرۆش نەکرا، گیانی هاوڵاتیەکانیشمان هەرزان فرۆش کراوە. ڕۆژ بەڕۆژنەھامەتی وبێ مافی وقەیرانی  نوێ دەخوڵقێنن و ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیان قورستر وقورستر دەکەن مشەخۆرەکانی دەسەڵات ، سەلماندیان کەنرخی کورسیەک ونرخی بەرمیلێک نەوت لەم ھەرێمەدا زۆرگرانترو گەورەترو بەنرخترە لە نرخی ھاوڵاتیان . ناوە ناوە باس لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکەن و باس لە مۆدێرنەو پێشکەوتن دەکەن، کەچی عەقڵیەتی چاخی بەردینیان هەیە ،ئێستاش هەمان عەقڵییەتی جارانیان هەیە بەردەوام خەریکی پڕ کردنی قاسە وگیرفانەکانیان، ئەوان گیرفانیان پڕە ئێمە دڵمان، دڵمان پڕە لەهاوار و حەسرەت چەشنی دڵی دایکێک کە شاهیدی سەرهەڵگرتنی جگەرگۆشەکەی بووە بۆ وڵاتێکی غەریب، نەیتوانیوە ڕێگری لێبکات چونکە زانیویەتی گیرفانەکانی خاڵییەو بەگیرفانیی خاڵیشەوە ژیان بەڕێناکرێت. ئەم دەسەڵاتە بەلایەوە  گرنگ نییە کە ھەموو ھاوڵاتیانی کوردستان بەتایبەتی گەنجان کۆچ بکەن و ئەم ھەرێمە جێ ھێڵن وچۆڵ بکەن بەپێچەوانەوە ئەو پێ ی خۆشە وپێ ی باشە و لەبەرژەوەندی ئەودایە ئەو خەمی دەسەڵاتیەتی نەک ھاوڵاتی وخەڵکی. ئەوان کورسی دەسەڵاتیان بۆ بمێنێتەوە بەسیانە.بەئەوان چی ڕۆڵەی خەڵکی دەمرێت یان نا، ڕۆڵەی خۆیان لەلای چاوشین وقژ زەردەکان لەنێو ڤێلاو ئۆتۆمبیلی ئاخر مۆدیل نەدەزانن برسی چیە نە هاوین و نەزستان..هتد.ئەمڕۆتان ڕەشە مەهێڵن سبەیشتان ڕەش بێت بۆ جارێکیش بێت دەست بەرداری هەندێک لە بەرژوەندییەکانتان بن، لەپێناو بەرژوەندی هاوڵاتیەکانتاندا،تەنها جارێک بیر لەوە دایکە جەرگ سوتاوەبکەن کە ڕۆڵەکەی لەپێش چاوییەوە دەریایی ئیجە قووتی دەدات.. 

No comments:

Post a Comment