Sunday, 14 February 2016

بەکاڵاکردنی ئافرەت

ئەمڕۆ لەزۆربەی هەرە زۆری ووڵاتانی جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی، بازرگانی کردن بەئافرەتانەوە بەشێوەی جیاجیا بوە کاری ڕۆلانە و، یەکێک لەمەترسیەکانی بەرهەمەکانی  جیهانگیری بەکاڵاکردنی ئافرەتە، و لەڕێگای  کۆمپانیا و ئامرازەکانەوە ئافرەت دەکەن بەئامانج و چەندین ڕیگەی جیاواز دەگرنە بەر تەنها بۆ ئەوەی لەڕێگای نمایشکردنی جەستەی ئافرەتانەوە قازنجیان دەست بکەوێت. لەو ڕێگا مەترسیدارانە بڵاو کردنەوەی وێنەی ئافرەتانە لەسەر بەرهەمەکان و کۆمپانیای وا ھەیە ئافرەتی وەکو کۆیلە کڕیوە کە دەبێت بە دەنگی و بە لەش و لاری و بە کەسایەتی و بە ھەرچی کە ھەیەتی ریکلام تەنھا بۆ ئەو بکات وبۆی نیە بۆ ھیچ کۆمپانیاو لایەنێکیتر ڕیکلام بکات.  داهێنانی هەڵبژاردنی شاجوانی وڵاتانە کەتێیدا کەس نازانێت لەسەر چ پێوەر وبنەمایەک ئەو کەسانە هەڵدەبژێرن و دەکرێت بە نوێنەری چەندین کچی ئەو وڵاتە؟!.
سەبارەت بە ئەم پێشبڕکێیە، پێشبڕکێی (شاجوانەکان) لەسەرەتایی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵداوەو ، وەک جۆرێک لەکات بەسەربردنێکی خۆش تەماشا دەکرێت، پسپۆڕی دەروونی ڤانسیا سیگەر دەڵێت:( ئەو پەیامەی ئەم ڤیستیڤاڵە گەورانە هەڵیگرتووە، کەپارەیەکی خەیاڵی تیا خەرج دەکرێت و ڕووماڵکردنێکی چڕی ڕاگەیاندنی بۆ دەکرێت ، بەخراپ دەشکێتەوە سەرئافرەتە ئاساییەکاندا ). زۆرجار ئافرەتانی ئاسایی هەوڵدەدەن لەڕێگەی لاسایی کردنەوەی ئافرەتە دیارەکان خۆیان بە ئەوان بشوبهێنن و کەئەم ڕەنگە دواتر توشی هەزاران کێشەیان بکات و لایەنی دەروونیان تەواو بڕوخێنێت.جوانی سیفەتێک نیە کە مرۆڤ بە ئازایی و لێھاتووی خۆی بە دەستی ھێنابێت تا لەسەر ئەو بنەمایە رێزی لێ بنرێت و ئیمتیازی بدرێت بەسەر کەسێکی تردا بەڵکو بەخششێکی خوای گەورەیە دەیدات بە مرۆڤ کەواتە ئەو ھەڵبژاردنە شتێکی زۆر بێمانایە و بە کارھێنانی ئافرەتانە بە شێوەیەکی زۆر نەشیاو.


شنە محمد

No comments:

Post a Comment